پارتی كار بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیی كوردستانی دەكات... هاوپەیمانیەتییەكە سەنگی كورد بەهێز دەكات پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
سێ شەممە, 20 کانونی دووەم 2015 15:41

سەرلیستی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، فراكسیۆنی پارتی لەبەرە ئەوەی لە بەغدا كورد هەموو یەك بگرن، ئەوە چەندین جارە داوا لە دەستە

كوردییەكانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەران دەكات، لەگەڵ یەكدا دابنیشن و، گفتوگۆ لەسەر دروستكردنی هاوپەیمانیەتی بكەن، بۆ ئەوەی كورد لە بەغدا یەك گوتاری سیاسیی هەبێت، بەڵام تا ئێستا ئەوان وەڵامیانیان نەداوەتەوە؛ بە نیازن دوای چوونەوە بۆ بەغدا جارێكی دیكە ئاگاداریان بكەنەوە و لەگەڵیاندا دابنیشن.

خەسرۆ گۆران، سەرلیستی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "تا ئێستا چەندین جار داوامان كردووە و، چەندین جاریش لەگەڵ كوتلە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا دانیشتووینە، بۆ ئەوەی ئەندامانی كورد لە بەغدا یەك بگرن و، هاوپەیمانیەتی دروست بكرێت، تا دەنگی كورد زیاتر بەرز ببێتەوە و، بگاتە جێگەی مەبەست و، كاریگەرییەکی زیاتری ببێت، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا هیچ ئەنجامێكی نەبووە؛ جا نامەیەكمان بۆ لایەنە كوردەکان لە بەغدا ڕەوانە كردووە، تا لەگەڵ یەكدا دابنیشین و، پێكەوە لەسەر هاوپەیمانیەتی كورد گفتوگۆ بكەین، ئێستا چاوەڕوانی وەڵامی لایەنەكان دەكەین."
سەرلیستی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران گوتیشی: "ئێستا ئەندامانی كورد لە هەرێمی كوردستاندان، کە چوونەوە بۆ بەغدا، وەك فراكسیۆنی پارتی نیەتمان ئەوەیە جارێكی دیكە كوتلە كوردییەكانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەران ئاگادار بكەینەوە و، پێكەوە دابنیشین."
ئاماژەشی بەوەش كرد، ئەو هاوپەیمانیەتیە زۆر گرنگە و، سەنگی كورد لە بەغدا، بە تایبەتی لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا، بە هێز دەكات.
سەبارەت بە كۆبوونەوەکەی دوێنێ فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ نێچیرڤانی بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی، گوتی: "بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی، نێچیرڤانی بارزانی بەرپرسە لە موئەسەساتی حكوومی چ لە بەغدادا و، چ لە هەولێردا ئەو هاوهەنگاوییەی لە نێوان حزب و حكوومەتدا هەیە، بە پێی پەیڕەو، ئەو سەرپەرشتیی دەكات، بۆیە وەك كوتلەی پارتی لە بەغدا، هەموو مانگێك لەگەڵ جێگری سەرۆكی پارتیدا كۆ دەبینەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا، باس لە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و، چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكانمان دەكەین."