نێچیرڤان بارزانى: ده‌بێ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كانى عیراق باش بێت |
|
|
|
سێ شەممە, 20 کانونی دووەم 2015 07:19 |

جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان (نێچیرڤان بارزانى)، له هه‌ولێر له‌گه‌ڵ فڕاكسیۆنى پارتى له په‌رله‌مانى عیراق كۆ بووه‌وه و لە میانی کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند
کە، ده‌بێ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كانى عیراق باش بێت له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌ره‌تا (نێچیرڤان بارزانی) گوێبیستى ڕاپۆرتێك ده‌رباره‌ى كار و چالاكییه‌كانى فراكسیۆنى پارتى له په‌رله‌مانى عیراق و ڕه‌وش و بارودۆخى كارى په‌رله‌مانى و زه‌مینه‌ى كارى پێكه‌وه‌یى و هاوبه‌ش له نێوان فراكسیۆنه كوردستانى و عیراقییه‌كان بوو. پاشان له وته‌یه‌كدا به‌ڕێزیان داكۆكى له‌سه‌ر گرنگیى پته‌وبوونى په‌یوه‌ندیى نێوان فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان به‌تایبه‌تى و عیراقییه‌كان به‌گشتى كرده‌وه و هه‌وڵه‌كان و ده‌ستپێشخه‌رى و پێشنیازى فراكسیۆنى پارتى دیمو‌كراتى كوردستانى بۆ پێكهێنانى هاوپه‌یمانیى كوردستانیى پێكهاتوو له فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان، به‌رز نرخاند. (نێچیرڤان بارزانى)، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌سه‌ر گرنگیى پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ته‌واوى فراكسیۆن و پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى و مه‌زهه‌بى و ئایینییه‌كانى عێراق كرده‌وه و ڕایگه‌یاند: زۆر گرینگه كه په‌یوه‌ندیى باشمان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه عێراقییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش هه‌بێت و هه‌میشه فاكته‌رى پێشخستن و باشكردنى په‌یوه‌ندییه‌كان بین له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان و ده‌بێ ئه‌وه ڕوون و ئاشكرا بێت كه سیاسه‌تى ئێمه به هیچ شێوه‌یه‌ك پشتگوێخستنى به‌غدا نییه، به‌ڵكوو به پێچه‌وانه‌وه به‌غدا بۆ هه‌رێمى كوردستان زۆر گرینگه و هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى تازه‌ى عێراق كێشه‌كان چاره بكه‌ین. له كۆتاییدا ژماره‌یه‌ك له په‌رله‌مانتاران چه‌ندین دید و سه‌ره‌نجیان له‌باره‌ى سروشتى كارى په‌رله‌مانى و چۆنیه‌تیى بره‌ودانى زیاتر به كار و چالاكییه‌كان و به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌كان و پێكهێنانى هاوپه‌یمانیى فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان پێشكه‌ش كرد. |