دەزگای هەڵبژاردنی پارتی: لە ئەنجامەکان ڕازیی نین... سکاڵا تۆمار دەکەین پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
دووشەممە, 19 ئایار 2014 17:52

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، بەپێى ئەو ئامارانەى کە لە فۆرمەکانى سەرەتایى لە وێستگەکانى دەنگدان دەستیان کەوتووە، پارتی پێشبینیى کورسیى زیاتری  دەکرد. دەشڵێت، "ئەوەى ڕاگەیەنرا کەمترە لەوە و غەدر لە دەنگەکانماندا کراوە."
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، خەسرۆ گۆران، لە لێدوانێکدا بۆKDP.info   گوتی: "لەو ئەنجامانەى کە راگەیانران نیگەرانین و پێشبینیى کورسیى زیاترمان دەکرد لە نەینەوا و لە هەولێر و، هەروەها پێشبینیى کورسیێکمان دەکرد لە دیالە، بەڵام وا دەرنەچوو، بۆیە ئێمە تێبینىمان هەیە و بە ڕێپێدراوەکانى خۆمان گوتووە لە هەرسێ پارێزگاکە لاى کۆمسیۆن ئەو تێبینیانە تۆمار بکەن و سکاڵا  بکەن."

 

سەبارەت بە پێشبینییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ کورسییەکانى، گۆران گوتى: ئێمە پێشبینیى  28 کورسیمان دەکرد، بەڵام ئەوەى راگەیەنراوە تائێستا 25 کورسییە و چەند کورسییەکى دیکەیش کە لایەنگر و هاوپەیمانیان لەگەڵ ئێمە هەیە وەکو کورسیى کۆتاى شەبەک و دوو کورسیى مەجلسى شەعبى کلدانى سریانى ئاشوورى، ئەوانەش وەکو هاوپەیمانى خۆمان دەزانین و لەگەڵ سیاسەت و  بیرو بۆچوونى پارتىدان." 
خەسرەو گۆران گوتیشى: "هەموو لایەنێک بۆى هەیە تێبینیى خۆى هەبێ، ئێمە داواى وردەکارى دەکەین، ئەگەر وردەکارییەکانى کۆمسیۆن بڕواپێهێنەر بوون، ئێمە پێیانەوە پابەندە دەبین، بە پێچەوانەیشەوە ئێمە ئەو گلەییەمان دەبێت لە کۆمسیۆن." 
سەبارەت بە راگەیەندراوى کۆمسیۆن و ئامارە سەرەتاییەکانى بەردەستیان، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی گوتى: "بەپێى ئەو ئامارانەى کە لە فۆرمەکانى سەرەتایى لە وێستگەکانى دەنگدان دەستمان کەوتووە، ئێمە لە هەولێر پێشبینیى 8 کورسىمان دەکرد، کەچى ئەوەى راگەیەنرا کەمتر بووە، بۆیە ئێمە بەراوردێک داوا دەکەین لە نێوان ئەو فۆرمانەى کە چوونەتە بەغدا و ئەو فۆرمانەیشى کە لە بنکەکانى دەنگداندا رۆژى فەرزکردنى دەنگدان تۆمار کراون."

KDP.info