پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن له‌ توركیا ده‌ستی پێكرد پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
یەک شەممە, 30 ئازار 2014 10:59

پرۆسه‌ی هه‌ڵبژادن به‌ جیاوازی یه‌ك كاتژمێر له‌ 81 شاری هه‌ردوو به‌ره‌ی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوای توركیا ده‌ستی پێكردو تێیدا 26 پارتی سیاسیی له‌ كێبڕكێدان و زیاتر له‌ 52 ملیۆن كه‌سیش مافی ده‌نگدانیان هه‌یه ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ 81 شاری توركیادا ده‌رگای ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان به‌رووی ده‌نگده‌ران كرایه‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی شاره‌وانی، به‌ڕێوه‌به‌رو شورای ئاواییه‌كان، له‌م پرۆسه‌یه‌دا 26 پارتی سیاسیی ناوخۆیی توركیا له‌ كیبڕكێدان و 52 ملیۆن و 645 هه‌زار و 841 كه‌سیش مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌. به‌پێی سه‌رچاوه‌ هه‌واڵییه‌كانی ناوخۆیی توركیا پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌ رۆژهه‌ڵاتی توركیا له‌ حه‌وتی به‌یانییه‌وه‌ تاوه‌كوو چواری ئێواره‌ و له‌ به‌ره‌ی رۆژئاوادا پرۆسه‌كه‌ له‌ هه‌شتی به‌یانیی تاوه‌كوو پێنج ئێواره‌ به‌ كاتی ئه‌نقه‌ره‌ به‌رده‌وامی ده‌بێت.

هه‌ر وه‌ك له‌ ئاماره‌ فه‌رمییه‌كانی توركیا رێژه‌ی ده‌نگده‌ری ئافره‌ت به‌ به‌راورد به‌ پیاو زیاتره‌ و ژماره‌ی ئافره‌تانی مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌ 26 ملیۆن و 704 هه‌زار و 757 كه‌سه‌ به‌ڵام ژماره‌ی ده‌نگده‌رانی پیاو 25 ملیۆن و 991 هه‌زار و 75 كه‌س راگه‌یه‌ندراوه‌.

سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ بڵاویانكردۆته‌وه‌، بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵاتدا 194 هه‌زار و 310 سندووقی دانراوه‌ و هه‌ر كه‌سێكیش مافی ده‌نگدانی هه‌بێت و به‌شداری پرۆسه‌كه‌ نه‌كات ئه‌وا به‌پێی مادده‌ی یه‌ك له‌ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا به‌ بڕی 22 لیره‌ سزا ده‌درێت

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی پێشوه‌خته‌، دوای داخستنی ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان و دوای هه‌ڵاوێركردنی تێكڕای ده‌نگه‌كان، كاتژمێر 12ی ئه‌مشه‌و به‌كاتی ئه‌نقه‌ره‌ ئه‌نجامه‌كان ئاشكرا ده‌كرێن.

(PNA)